ڕێكخراوى (Help) به‌رده‌وام ده‌بێت‌ له‌ پشتگيريكردنى ئاواره‌كان له‌ هه‌رێمى كوردستان

ڕۆژى يه‌كشه‌ممه‌ به‌روارى 11 حوزه‌يران 2017، به‌ڕێز هۆشه‌نگ محمد، به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى ناوه‌ندى هاوبه‌شى هه‌ماهه‌نگى قه‌يرانه‌كان (JCC) پێشوازيكرد له‌ به‌ڕێز كڵاوس-جورگين هيدريچ سه‌رۆكى ڕێكخراوى (HELP) و ئه‌ندامى پێشووى په‌رله‌مانى ئه‌ڵمانيا و خاتوو ليسا هيليكى به‌ڕێوه‌به‌رى ڕێكخراوى (HELP) له‌ هه‌رێمى كوردستان و عێڕاق كرد.

به‌ڕێز هۆشه‌نگ محمد شاندى ميوانى به‌گه‌رمى به‌خێر هێنا له‌ ناوه‌ندى هاوبه‌شى هه‌ماهه‌نگى قه‌يرانه‌كان (JCC)، هه‌روه‌ها سوپاس و پێزانينى خۆى ده‌ربڕى بۆ ئه‌و ڕۆله‌ گرنگه‌ى كه‌ ڕێكخراوى هێڵپ ده‌يگێڕێت له دابينكردنى‌ هاوكاريكردن بۆ خێزانه‌ ئاواره‌كان و كۆمه‌ڵگه‌ى ميواندار له‌ هه‌رێمى كوردستان. به‌ڕێزهۆشه‌نگ محمد پوخته‌يه‌كى پێشكه‌ش به‌ شاندى ميوان كرد سه‌باره‌ت به‌ پێداويستيه‌ هه‌ره‌ له‌پێشينه‌كانى ئێستا و قه‌يرانى ئاواره‌ و تيشكى خسته‌ سه‌ر پێداويستيه‌كان بۆ به‌رده‌وامبوونى هاوكارى مرۆيى ته‌نانه‌ت دواى شه‌ڕى داعش. هه‌روه‌ها، به‌ڕێزيان باسى له‌ گرنگى پشتگيريكردنى ئاواره‌كانى پێشووى كرد كه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستانن و  دابينكردنى پشتگيرى ته‌كنيكى و دارايى بۆ ئه‌و ئاوارانه‌ى كه‌ گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ بۆ شوێنى ڕه‌سه‌نى خۆيان. 

له‌لايه‌كى تره‌وه‌، به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى باسێكى گشتى پێشكه‌ش به‌ شاندى ميوان كرد سه‌باره‌ت به‌ تواناى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ پشتگيريكردنى ئاواره‌كان، ڕايگه‌ياند كه‌ تواناى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان سنوردار بووه‌ به‌هۆى گه‌يشتنى ژماره‌يه‌كى ئێجگار زۆرى ئاواره‌كان بۆ هه‌رێمى كوردستان، هه‌روه‌ها ڕوونى كرده‌وه‌ كه‌ ڕۆڵى ڕێكخراوه‌ ناحكوميه‌كان دواى شه‌ڕى داعش زۆر گرنگه‌ بۆ پشتگيريكردنى حكومه‌ت له‌ پڕۆسه‌ى دووباره‌ ئاساييكردنه‌وه‌ى بارودۆخه‌كه‌.

له‌لايه‌ن خۆيه‌وه‌، به‌ڕێز كڵاوس-جورگين هيدريچ سوپاس و پێزانينى خۆى ده‌ربڕى بۆ ناوه‌ند (JCC) بيروڕاى خۆى باس كرد سه‌باره‌ت به‌ قۆناغى داوى داعش، هه‌روه‌ها دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌وان به‌رده‌وام ده‌بن له‌ پشتگيريكردنيان بۆ يارمه‌تيدانى خێزانه‌ ئاواره‌كان له‌ هه‌رێمى كوردستان به‌تايبه‌ت دواى شكستهێنان به‌ داعش.

پێویستە بێیتە ژوورەوە یان خۆت تۆمار بکەیت بۆ ئەوەی لێدوان بنووسی.


  • هیچ لێدوانێك لەسەر ئەم بابەتە نەنووسراوە، تۆ یەکەمین لێدوان بنووسە!